وتەى سەرۆکى زانکۆ

بەخێربێن بۆ زانکۆی چەرموو، یەکێک لە زانکۆ حکومییەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق. ئەم زانکۆیە بەناوی یەکێک لەکۆنترین گوندە کشتوکاڵییەکانی جیهان ناونراوە کە گوندی (چەرموو)ـەو بەدووریی (١١) کیلۆمەتر لە رۆژهەڵاتی شاری چەمچەماڵ- ناوەندی قەزاکە هەڵکەوتووە. ئەم زانکۆیە بەپێی تەمەنی دروستبوونی، زانکۆیەکی نوێیە، بەڵام لە زانستدا رۆچووەو کۆنە بە هێندەی کۆنیی ناوەکەی. ئامانجی ئەم زانکۆیە گەشەپێدانی ئابووری و کۆمەڵایەتییە لە ناوچەکەدا. دەیەوێت لەئاستی هەڵگرتنی ناوی بەرزی (چەرموو)دا بێت و داهێنان بکات، ناوچەکە بکاتە سەرمەشقی شۆڕشێکی ئابووریی نوێ بۆ پێشخستنی کۆمەڵگەی کوردی بەگشتی و ناوچەکە بەتایبەتی، وەکچۆن لە رابردوودا سەرمەشقی داهێنانی شۆڕشی کشتوکاڵیی بوە. لە زانکۆی چەرموو، خوێندکار سەنتەری فێربوونەو کار لەسەر توانا زاستییەکانی خوێندکار دەکرێت. بۆ ئەم مەبەستەش زانکۆ مامۆستای ئاستبەرزی دامەزراندووەو پرۆگرامی نوێی خوێندنی بە فێرخواز گەیاندووە. بەردەوامیشە لە پەیوەندیی لەگەڵ زانکۆ ئاستبەرزەکانی دەرەوەی کوردستان و عیراق لەپێناو بەستنەوەی پرۆگرامەکانی خوێندن بە زانکۆ جیهانییەکان و سوودوەرگرتن لە ئەزموون و توانای ئەکادیمی و زانستیی ئەوانیتر. لەو رۆژەوەی کە ئەرکی سەرۆکایەتیی ئەم زانکۆیەم پێ سپێردراوە، ئامانجی من ئاراستەکردنی ستراتیژی کارکردنی زانکۆ بەرەو بازاڕی کار و پێگەیاندنی کادری بەتوانایە بۆ کەرتی پیشەسازی و بازرگانی و سێکتەرەکانی دیکە لە هەرێمدا. لەم روانگەیەوە، پاڵپشت بە کارنامەی حکومەتی هەرێم و بە راوێژ و رێنوێنیی وەزارەتی خوێندنی باڵا، لە بەرنامەماندایە کۆلێژ و بەشی زانستیی نوێ بکەینەوە بەلەبەرچاوگرتنی داهاتووی خوێندکار و پێویستیی بازاڕ، بەجۆرێک کە داهاتووی خوێندکار لەپاش تەواوکردنی خوێندنی زانکۆیی روونبێت و بزانێت ئامانجی زانکۆ پێگەیاندنی ئەوە بۆ گەشەپێدانی ئابوری کۆمەڵگا و بەگەڕخستنی تواناکانی خۆی و ئەو زانست و زانینەی کە لە ساڵانی خوێندندا بەدەستی هێناوە. جگە لەوەش، ئێمە زانکۆ بەتەنها وەک ناوەندێکی خوێندن و فێرکردن نابینین. کاردەکەین لەسەر جوانکردنی ژینگەی زانکۆ و رەخساندنی کەشێکی لەبار بەڕەچاوکردنی خواستەکانی خوێندکار لەبواری ئارەزوومەندی خۆی لە وەرزش و هونەر. تاوەکو لەم رێگەیەوە خوێندکار زیاتر وابەستەو هۆگری زانکۆ بکەین کە لەسەر بنەمای خۆشەویستیی و دڵسۆزیی، خوێندکارو زانکۆ بکەین بە دووانەیەکی تەواوکاری یەکتر. زەمینەیەکی ئەوتۆ بڕەخسێنین کە کچ و کوڕەکانمان ئارەزووی مانەوەیان لە زانکۆ زیاتربێت و هەست بەوە بکەن کە زانکۆ ماڵی خۆیانە و ژینگەی زانکۆ تایبەت کراوە بۆ فێربونی ئەوان. خوێندکارانی ئازیز.. مامۆستایان و فەرمانبەرانی زانکۆی چەرموو، سورن لەسەر ئەوەی کە باشترین خزمەت پێشکەشی ئێوە بکەن. هەموان لە پێناو گەشەپێدانی تواناکانی ئێوەو بەرزکردنەوەی ئاستی زانستیی ئێوە کاردەکەن، تاوەکو ئێوە بتوانن پاشەڕۆژ لە شوێنی کارەکەتاندا ببنە جێی رەزامەندیی خاوەنکار و هاوڵاتیان. تا کاربکەن لەسەر بەرزکردنەوەی توانای هاوپیشەکانتان و بەوپەڕی دڵسۆزییەوە هەوڵبدەن بۆ پێشخستنی زانست و پەرەپێدانی مەیدانی کار لە کوردستان و چارەسەرکردنی ئەو گرفتانەی کە ئێستا بەرۆکی هەرێمی کوردستانی گرتوە. پێکەوە کاربکەین بۆ بەرزکردنەوەی ناوی کوردستان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەرێگەی بوژاندنەوەی ئابوری و بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری تاکی کورددا. لەکۆتاییدا سوپاسی هەموو ئەوانە دەکەین رۆڵییان هەبوو لە دامەزراندنی ئەم زانکۆیە. سەری رێز دادەنەوێنین بۆ شەهیدانی کوردستان و کەسوکارییان کە ئەم زانکۆیە بەرهەمی خوێنی ئەوانەو پاراستن و گەشەپێدانی ئەرکی ئێمەیە.